هەوڵی بە ئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی گشتی لە نێوان کەرکووک و سلێمانی پووچەڵ کرایەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، وردەکاریی تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئاشکرا دەکات کە شەوی رابردوو هەوڵی دابوو دامەزراوەیەکی گشتی لە سنووری نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانی بکاتە ئامانج، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ زیان خرایە خوارەوە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئاداری 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر 10، هێزە ئەمنییەکان توانییان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەستنیشان بکەن، کە بە نیاز بوو یەکێک لە دامەزراوە گشتییەکان لە نێوان پارێزگای کەرکووک و سلێمانی بۆردومان بکات.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایگەیاند: مەفرەزەی هێزە تایبەتمەندەکان دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵ ئامانجەکە کردووە و توانیویانە فڕۆکەکە بخەنە خوارەوە و مەترسییەکە پووچەڵ بکەنەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ بکەوێتەوە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.

خۆشبەخاتە سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، درەنگانی شەوی رابردوو بەشێکی زۆر لە گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق کە سەر بە حەشدی شەعبین، لە ترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، بنکە و بارەگاکانیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چۆڵ کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.