هاندەرێکی ریاڵ مەدرید بووە هۆی سزادانی یانەکەی

هاندەری ریاڵ مەدرید لە کاتی سڵاوی نازی
هاندەری ریاڵ مەدرید لە کاتی سڵاوی نازی

هاندرێکی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەهۆی بەکارهێنانی دروشمی رەگەرزپەرستی لە یاری یانەکەیان بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگاڵی لە چامپیۆنزلیگ، بووە هۆی ئەوەی خۆی و یانەکەی بە توندی سزا بدرێن.

ماڵپەری فەرمی یوێفا بڵاویکردەوە، هاندەرێکی یانەی ریاڵ مەدرید ئیسپانیا بەهۆی بەکارهێنانی دروشمی رەگەزپەرستی لە یاری یانەکەیان بەرامبەر بێنفیکا، لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ کە لە یاریگای بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، ئەو یانە و خودی هاندەرەکەیان بە توندی سزاداوە.

لە بەیاننامەکەی یوێفادا هاتووە دوای ناسینەوەی ئەو هاندەرە کە سڵاوی نازی بەرامبەر کامێرا ئەنجامدا بوو، بڕیاردا بە سزادانی یانەی ریاڵ مەدرید بە پێ بژاردنی 15 هەزار یۆرۆ و هەروەها چۆڵ کردنی ئەو بەشەی یاریگا کە هاندەرەکە ئەو هەڵسوکەوتەی کردووە، لە ئەگەری دووبارە بونەوەی ئەو کارە لە ماوەی یەکساڵی داهاتوو. واتە ئەگەر لە ماوەی یەکساڵی داهاتوو هەر هاندەرێک دروشمێکی رەگەزپەرستی بەکاربهێنێتەوە، ئەو بەشەی یاریگا کە شوێنی 500 هاندەر دەگرێت چۆڵ دەکرێت و رێگە بە هیچ هاندەرێک نادرێت لەوێ دابنیشێت.

ماڵپەری یوێفا بڵاویشی کردەوە ئەو هاندەرە دوای ئەنجامدانی ئەو هەڵس و کەوتەی یەکسەر لەلایەن بەرپرسانی یاریگاوە دیاریکرا و پاشان لە یاریگاکە دەرکراوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش، بۆی نیە لە هیچ یارییەکەی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ ئامادەبێت.