یاریزانێک بەهۆی سوکایەتی کردن بە خانمە ناوبژیوانێک 12 یاری سڕ کرا
گۆستاڤۆ مارکێز یاریزانی یانەی ڕیدبول براگانتینۆی بەڕازیلی، بەهۆی سوکایەتی کردن بە دایان مونیز خانمە ناوبژیوانی یاری یانەکەی بەرامبەر ساوپاولۆ، لەلایەن لیژنەی تەمبێکاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل بە توندی سزادرا.
رۆژنامەی مارکای وەرزشی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە یاری نێوان هەردوو یانەی رێدبول براگانتینۆ و هەروەها ساوپاولۆ لە خولی پاولیستای بەڕازیلی، لە کۆتاییەکانی یارییەکە یاریزانی یانەی خاوەنی یاریگا واتە رێدبول، سوکایەتی بە دایان مونیر خانمە ناوبژیوانی یارییەکە دەکات.
دوای یارییەکە لیژنەی تەمبێکاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل بە پشت بەستن بە راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە بڕیاریدا، ئەو یاریزانەی یانەی رێدبول بەهۆی هەڵس و کەوتەکانی بۆ 12 یاری سڕ بکات.
ئەو یاریزانەی یانەی رێدبول لە بڕیارەکانی خانمە ناوبژیوانی یارییەکە ناڕازی بوو و بەم هۆیەوە ناوبژیوانەکەی رووبەڕووی قسەی نەشیاو کردووەتوە و پێگووتووە '' نابێت بەرێوەبردنی یارییەک بە خانمێک راسپێردرێت ''. ئەم قسانەش بووە هۆی ئەوەی ئەو یاریزانە رووبەڕووی سزایەکی قورس ببێتەوە.