ئیسرائیل جارێکی دیکە نەیتوانی رووفاتی فڕۆکەوانە ونبووەکەی بدۆزێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی لوبنان ئەنجامیان داوە هێنانەوەی رووفاتی فڕۆکەوان (رۆن ئاراد) بوو؛ بەڵام "هیچ بەڵگە و ئاماژەیەک" نەدۆزراوەتەوە.
لە راگەیەنراوێکی سوپادا هاتووە، لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لە لوبنان شەوی رابردوو هێزە تایبەتەکان ئەرکیان ئەنجام داوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگە سەبارەت بە فڕۆکەوانی بێسەروشوێن رۆن ئاراد.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستە روو، لە شوێنی گەڕانەکەدا هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بەو فڕۆکەوانە نەدۆزراوەتەوە.
رۆن ئاراد، فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلییە. فڕۆکەکەی لە 16ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1986 لە باشووری لوبنان کەوتە خوارەوە، کاتێک ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکردە سەر ناوچەکانی دەوروبەر. لەو کاتەدا لەلایەن بزووتنەوەی (ئەمەل)ـەوە دەستگیر کرا و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە. دەگوترێت بزووتنەوەی ئەمەل رادەستی حیزبوڵڵای کردووە.
دامەزراوەیەکی ئیسرائیلی خۆی ناو ناوە «لەدایکبوو بۆ ئازادی» لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە پاداشتێکی دارایی گەورەی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک زانیارییەک بدات ببێتە هۆی دۆزینەوەی شوێنەکەی.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2006 حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار رایگەیاند، ئەو فڕۆکەوانە مردووە و تەرمەکەی بزر بووە. هەروەها لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2007 ئیهود ئۆلمەرت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، ئیسرائیل نامەیەکی پێگەیشتووە پێدەچێت لە ساڵی 1986 لەلایەن رۆن-ەوە نووسرابێت.
سەبارەت بە دوایین پێشهات و زانیاریی نوێ لەسەر دۆسیەکە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی مۆساد ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز و بوێرانەی ئەنجام داوە بۆ دەستخستنی زانیاری لەسەر چارەنووسی رۆن ئاراد. دواتر میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو نەبووە لە گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی دۆسیەکە.