مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی کوەیت دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کوەیت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شێخ ئەحمەد عەبدوڵڵا سەباح، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کوەیت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت دەوڵەتی کوەیت، عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کرد، هاوکات نیگەرانی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرش، جەنگ و گرژییەکان دەربڕی.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی، داوای راگرتنی جەنگ و چارەکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە دەکەن، هەرێمی کوردستانیش وەک فاکتەری سەقامگیریی ناوچەکە، داوای چڕکردنەوەی هەوڵ نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ رێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.