سەرۆکوەزیرانی لوبنان: وڵاتەکەمان ناکەینە قوربانیی ئێران

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان

سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەخت دەکاتەوە، چیتر دەستوەردانی سوپای پاسداران لە وڵاتەکەیان قبووڵ ناکەن و بەردەوام دەبن لە قەدەخەکردنی هەموو چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا. 

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکوومەت بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە قەدەغەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا داوە و ئامادە نین چارەنووسی وڵاتەکەیان بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئێران.

سەلام روونیشی کردەوە، سەرکردەکانی سوپای پاسداران لەناو حیزبوڵڵای لوبنانی هەن و هاوکارییان دەکەن بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سەربازی، بەمەش مەترسی دەخەنە سەر چارەنووسی لوبنان و چیتر ئەمە قبووڵ ناکەن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی لوبنان هۆشداریی دا، بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران؛ حزبوڵڵای لوبنانیش دوای زیاتر لە 15 مانگ ئاگربەست، دەستی بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کردووە. 

ئیسرائیلیش لە وەڵامی حزبوڵڵا، ماوەی چەند رۆژێکە بە چڕی باشووری لوبنان بۆردوومان دەکات و بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی فەرماندە سەربازییەکانی.