باڵیۆزی رووسیا لە بەریتانیا: لە جەنگی ئێراندا بێلایەن نین
باڵیۆزی رووسیا لە بەریتانیا دەڵێت، "پشتگیریی ئێران دەکەین و تاران تەنیا وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەداتەوە".
ئەندرێ کێلین، باڵیۆزی رووسیا لە بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگ و ململانێکانی ئێستای ئێراندا بێلایەن نییە و بەتەواوی پشتگیری لە تاران دەکات، هاوکات هەنگاوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دژ بە ئێران بە "نارەوا" وەسف دەکات.
لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "سکای نیوز"ـی بەریتانی، لە وەڵامی پرسیاری "ئایا رووسیا بە چەک و درۆن هاوکاریی ئێران دەکات؟" باڵیۆزە رووسییەکە روونی کردەوە، وڵاتەکەی هاوسۆزییەکی تەواوی بۆ ئێران هەیە وەک دوو دراوسێ پەیوەندییەکی مێژوویی باشیان پێکەوە هەیە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا، تا ئەم ساتە ئێران داوای هیچ یارمەتی و هاوکارییەکی نەکردووە.
ئەندرێ کێلین رەخنەی توندی لە بۆچوونی وڵاتانی رۆژئاوا گرت سەبارەت بە گرژییەکان و رایگەیاند، "ئێمە لەم لۆژیکە تێناگەین، لۆژیکی ئێستای وڵاتانی رۆژئاوا ئەوەیە ئێران خەتاباری هەموو شتێکە، بەڵام کەس باسی ئەوە ناکات ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێشخەربوون لە هێرشکردنە سەر ئێران و تاران تەنیا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە، ئەمەش بەسادەیی شتێکی نادادپەروەرانەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باڵیۆزی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای پشتگیرییەکانیان بۆ ئێران، مۆسکۆ هاوسۆزە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و بەرژەوەندی لەگەڵ سەرجەمیاندا هەیە.
لە کۆتاییشدا کێلین هۆشداریی دا و گوتی، "باشترین هەنگاو ئەوەیە دەستبەجێ سەرجەم هێرشەکان و بەکارهێنانی هێز لە ناوچەکەدا رابگیرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ چارەسەری ئاشتیانە و رێکارە دیپلۆماسییەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاش (کریملن) رایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی وڵات لە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگی ئێران بەردەوامە و بە پێویستی دەزانێت، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بوەستێنن.