وەزارەتی گواستنەوە: ئاسمانی عێراق بە داخراوەیی دەمێنێتەوە و فڕۆکەکانیش لە شوێنی پارێزراودان
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵات هێشتا بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی نیشتمانی لە فڕۆکەخانەکان بە شێوازێکی تایبەت پارێزراون و بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتییان بۆ گیراوەتە بەر.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەزارەت هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەلامەتی فڕۆکەوانیی عێراق چڕ کردووەتەوە، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە".
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەکان لە ناو فڕۆکەخانەکاندا لە شوێنی پارێزراودا دان، بە جۆرێک کە لەگەڵ ڕێکارە پێویستەکانی سەلامەتی و خۆپارێزیدا بگونجێت. گوتیشی، دابەشکردنی فڕۆکەکان بەپێی رێکارە هونەری و ئەمنییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەت پابەندی تەواوی رێنماییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و بڕیارەکانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەمنییە، کە بەردەوام چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەکە دەکەن.
سەبارەت بە کردنەوەی ئاسمانی وڵات، مەیسەم سافی جەختی کردەوە، "بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق هێشتا بە کارایی دەمێنێتەوە و هەر بڕیارێک بۆ کردنەوەی ئاسمانی وڵات، پەیوەستە بە دەرەنجامی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی لەلایەن لایەنە پسپۆڕەکانەوە، بە شێوازێک کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و پاراستنی فڕۆکەوانی مەدەنی بگونجێت بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی گەشتەکان و سەرنشینان".