سەرۆک بارزانی: نابێت پەلاماردانی پێشمەرگە و شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی ئاداری 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە". جەختیش دەکاتەوە "ئەگەر شەڕیش بەسەر کوردستاندا سەپێندرابێت، ئەوا تەنیا بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە، ئەمەش لە بڕوایەکی پتەوی فەرهەنگی ئاشتیخوازیی گەلی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە".
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکات و دەڵێت: "دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە."
هەر بۆیە، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ داوا لە حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەکات کە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. هۆشداریش دەدات کە "بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارانە، دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان و دووپاتی دەکاتەوە: "بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئهوهی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت، سەركەوتنیش هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت."
____________________________________________
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ رای گشتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه.
لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئهوهی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت.
مسعود بارزانی
8ی ئاداری 2026