وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماری بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بڵاو کردەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، وردەکاری و ئاماری نوێی سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانییانە بڵاو کردەوە کە کراونەتە سەر وڵاتەکەی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ڕۆژی یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات 17 مووشەکی بالیستیکییان دەستنیشان کردووە، کە 16 مووشەکیان تێکشکێنراون و یەکێکیان کەوتووەتە ناو دەریاوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئاراستەی وڵاتەکە کراون، کە 113ـیان تێکشکێندراون و 4 درۆنیش لە ناو خاکی وڵاتدا کەوتوونەتە خوارەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران، 238 مووشەکی بالیستیکی ئاراستە کراون، کە 221ـیان تێکشکێنراون، 15ـیان کەوتوونەتە دەریاوە و 2 مووشەکیش ئامانجەکەیان پێکاوە. هەروەها 1422 درۆنی ئێرانی هەڵدراوە کە 1342ـیان پووچەڵ کراونەتەوە و 80 دانەیان کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات 8 مووشەکی کروزیش تێکشکێنراون.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، وەزارەتی بەرگری ڕوونی کردووەتەوە: ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس لە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی پاکستانی، نیپاڵی و بەنگلادیشی. هەروەها 112 کەسیش بە سووکی و مامناوەند بریندار بوون کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیماراتی، میسری، سودانی، ئەسیوپی، فلیپینی، پاکستانی، ئێرانی، هیندی، بەنگلادیشی، سریلانکی، ئازەربایجانی، یەمەنی، ئۆگەندی، ئێرتیری، لوبنانی، ئەفغانی، بەحرەینی، قەمەری و تورکی بوون.

وەزارەتی بەرگری دووپاتی کردووەتەوە کە لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک و بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی دەوڵەت بێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئیماراتدا.