مەسرور بارزانی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی تەندروستیی بریندارانی هێرشەکەی شەوی رابردوو دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستیی بریندارانی پەلامارەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هاوکات هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ خواستن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بۆ دۆخی ئەمنی و تەندروستیی هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، سەردانی نەخۆشخانەی کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی "نازم محەمەد کانەبی"، کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەت دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی ناڕەوا و تێکدەرانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، نازم محەممەد لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیدا لە پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانە و گیانی هاووڵاتیاین و گەشتیاران، بریندار بوو.

لە میانەی سەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی لە نزیکەوە لەگەڵ تیمە پزیشکییەکان گفتوگۆی کرد و رێنمایی پێویستی پێدان کە هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی خێرا و گەڕاندنەوەی تەندروستیی تەواو بۆ ناوبراو بدەن، هەروەها هیوای زووچاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.