مایک واڵتز: هاوپەیمانانی کەنداو لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی سەربازییان دەبێت.

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خەریکی تێکشکاندنی تەواوەتیی ژێرخانی سەربازیی ئێرانن، لەوانەش هێزی ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی، هێزی دەریایی و ناوەندەکانی فەرماندەیی. ئاماژەی بەوەش ئێستا هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی و دیپلۆماسیی توند دەکەن.

یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە ئەگەر رووسیا زانیاریی هەواڵگریش بداتە تاران، هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، چونکە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە لەناوبردنی تواناکانی ئێران. گوتیشی: رووسیا ئێستا گەورەترین دابینکەری درۆنە بۆمبڕێژکراو و مووشەکە بالیستیکییەکانی لەدەستداوە کە شەوانە دژی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنان، ئەمەش گورزێکی گەورەیە بۆ مۆسکۆ.

بە گوتەی نوێنەری ئەمریکا، وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە و لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا هەنگاوی کردەیی سەربازی و دیپلۆماسی دژی تاران دەگرنە بەر، چونکە هێرشە بێسەروبەرەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێکانی چیتر قبوڵکراو نییە.

واڵتز، جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست مەدەنییەکان ناکاتە ئامانجی هێرشەکانی. ئەو ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کۆگا و حەشارگەی چەکەکانی لە ناو نەخۆشخانە و قوتابخانەکاندا دەشارێتەوە و مەدەنییەکان وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت.

سەبارەت بە تێوەگلانی رووسیا، واڵتز ئاماژەی بەوە دا کە ستیڤ ویتکۆف، راوێژکاری ترەمپ پەیامێکی زۆر توندی گەیاندووەتە مۆسکۆ و دڵنیایی دا کە دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکات و رووسیا رووبەڕووی دەرئەنجامەکان دەبێتەوە.