تورکیا ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی گەشتیارە عێراقییەکان دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان. لە بەرانبەردا، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بڕیاری داوە ڤیزای ترانزێت بداتە سەرجەم ئەو عێراقییانەی کە لە دەروازە سنوورییە ئاسمانی و وشکانییەکاندا گیریان خواردووە.
یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە ئەنێل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا جگە لە ڕاگەیاندنی ئاسانکارییەکی گرنگ لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراقییەکان، نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی بۆ سەر ئابووریی ناوچەکە تاوتوێ کران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: دیدارەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فوئاد حوسێن بووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئێستای ناوچەکە.
باڵیۆزی تورکیا دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی ڤیزای ترانزێت دەداتە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە دەروازە سنوورییە ئاسمانی و وشکانییەکاندا گیریان خواردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ ئاسانکاریی تێپەڕاندنیان بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیانە.
لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن ستایشی هەڵوێستی تورکیای کرد و جەختی لە پەرۆشیی حکوومەتی عێراق کردەوە بۆ دوورخستنەوەی لێکەوتەکانی قەیرانی ئێستای ناوچەکە لەسەر گۆڕەپانی عێراق.
هاوکات هۆشداریشی دا لە "لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر ئابووریی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، بەو پێیەی شادەمارێکی سەرەکیی بازرگانیی وزە و جووڵەی دەریاوانیی نێودەوڵەتییە".
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە بۆ خۆپاراستن لە زیانە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم جەنگە.