شای بەحرەین: هێرشەکانی ئێران بێ پاساون و پێشینەیان نییە

شای بەحرەین، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی و بە بێ پاساو و بێ وێنە وەسفی کردن. هاوکات ستایشی ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی کرد لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.

حەمەد بن عیسا خەلیفە، شای بەحرەین، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە بەرفراوانانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی کە وڵاتەکەی و ژمارەیەک لە وڵاتانی دۆست و برای کردووەتە ئامانج.

شای بەحرەین لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: ئەوەی بەسەر وڵاتەکەمان و وڵاتانی دۆستماندا هاتووە بەهۆی ئەو هێرشانەی ئێرانەوە، کە لە مێژوودا وێنەیان نەبووە، جێگەی داخێکی گەورەیە و کردەوەیەکی تەواو بێ پاساوە.

جەختی کردەوە کە ناسنامەی بەحرەین هەمیشە ئاشتیخوازانە بووە و گوتی: بەحرەین وڵاتی ئاشتییە و ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستدرێژیی نەکردووەتە سەر هیچ لایەنێک، بەڵکوو تەنیا ڕێچکەی هاریکاری و گفتوگۆی گرتووەتە بەر.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، شای بەحرەین ستایشی ئاستی ئامادەباشیی هێزەکان و دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: کار و چالاکیی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانمان بەرز دەنرخێنین، کە بەو پەڕی وریایی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، ڕووبەڕووی هەوڵەکان بوونەتەوە و پووچەڵیان کردوونەتەوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەمان.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی بەحرەین لەم دۆخە هەستیارەدا، حەمەد بن عیسا دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات کاردانەوەکان لە چوارچێوەی ژیری دەربچن.

گوتی: سەرەڕای گەورەیی ئاڵنگارییەکان، بەحرەین بە داناییەوە هەڵسوکەوت دەکات و وەک لایەنێکی نێوەندگیر دەمێنێتەوە"؛ جەختی کردەوە کە مەنامە بە متمانەیەکی بەرزەوە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەرانبەر بە ژینگەی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.