هیومان رایتس وۆچ: ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر باشووری لوبنان فسفۆری سپی بەکارهێناوە

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ (Human Rights Watch) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا، سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی چەکی فسفۆری سپی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی شارۆچکەی "یەحمەر" لە باشووری لوبنان.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەی مافی مرۆڤ، سوپای ئیسرائیل لە 3ـی ئاداردا، لە رێگەی هێرشێکی تۆپخانەییەوە بۆ سەر ماڵەکان لە شارۆچکەی یەحمەر، بە شێوەیەکی نایاسایی فسفۆری سپی بەکارهێناوە.

هیومان رایتس وۆچ ئاشکرای کردووە، توانیویانە حەوت وێنە و ڤیدیۆی جیاواز پشتڕاست بکەنەوە و شوێنە جوگرافییەکانیان دیاری بکەن، تێیدا بە روونی دەردەکەوێت تەقەمەنییە فسفۆرییەکان لە ئاسمانی ناوچە مەدەنییەکاندا دەتەقێنەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لوبنانیش رایانگەیاندووە؛ بە هۆی ئەو هێرشانەوە ئاگر لە لانیکەم دوو ماڵ و ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناو شارۆچکەکەدا کەوتووەتەوە.

تەقەمەنی فسفۆری سپی ماددەیەکی کیمیاییە و لە کاتی بەرکەوتنی لەگەڵ ئۆکسجیندا دەستبەجێ دەسووتێت. هەرچەندە لە رووی سەربازییەوە بۆ دروستکردنی پەردەی دووکەڵ یان رووناککردنەوەی مەیدانی جەنگ بەکاردێت، بەڵام بەکارهێنانی لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا مەترسییەکی گەورە دروست دەکات؛ چونکە دەبێتە هۆی سووتانی کوشندە، تێکچوونی کۆئەندامی هەناسەدان و پەککەوتنی ئەندامە ناوەکییەکانی جەستەی مرۆڤ.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمی لوبنان پشتڕاستی کردەوە،  سوپای ئیسرائیل بە تۆپبارانی چڕ و بەکارهێنانی فسفۆری سپی گوندەکانی (یەحمەر، تەل نەحاس و ئەلخەیام)ی لە نزیک سنوور کردووەتە ئامانج.

ئەمە یەکەمجار نییە ئیسرائیل بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە تۆمەتبار دەکرێت؛ لە ساڵانی رابردوودا حکوومەتی لوبنان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی بەکارهێنانی فسفۆری سپی لەلایەن ئیسرائیلەوە زیانی گەورەی بە ژینگە و تەندروستی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان گەیاندووە.