فڕۆکەیەک بە 62 سەرنشینەوە لە ئاسمانی ئیندۆنیزیا ون بوو
فڕۆکەکە لە بەرزیی 10 هەزار پێ

K24 - هەولێر
فڕۆکەیەکی هێڵی فڕۆکەوانیی سریڤیجایا کە لە جۆری بۆینگ 737ـە، دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵسانی لە فڕۆکەخانەیەکی جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا، بە 62 سەرنشینەوە ونبوو.
ئادیتا ئیراواتی، گوتەبێژی حکومەتی ئیندۆنیزیا ئەمڕۆ (شەممە، 9-1-2021) رایگەیاند فڕۆکەکەی هێڵی فڕۆکەوانیی سریڤیجایا دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانە بەرزبووەتەوە، لە رادار دیارنەماوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا ئیراواتی ئاشکرای کرد، ئێستا ئاژانسی نیشتمانیی گەڕان و رزگارکردن لەگەڵ کۆمیتەی سەلامەتی و گەیاندنی ناوخۆیی بە هەماهەنگی خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ زانینی چارەنووسی ئەو فڕۆکەیە.
فڕۆکەکە 62 کەسی هەڵگرتووە و لە بەرزیی 10 هەزار پێ لە ئاسمانەوە لە رادار دیارنەماوە. ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون پێکهاتوون لە: دوو فڕۆکەوان، چوار کارمەندی فڕۆکەکە و سەرنشینەکانیش پێنجیان منداڵ بوون.
فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی سۆیکارنۆ- هاتا هەستاوە و بەرەو شاری پۆنتیناک لە رۆژئاوای وڵات لەڕێگابووە.
هەتاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیندۆنیزیا نەیانتوانیوە دڵنیاببنەوە لەوەی فڕۆکەکە کەوتووە یان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە رادار دیار نەماوە.
