ئیسماعیل بەقایی گوتەیەکی لیندزی گراهام بەڕاست ناودەبات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر لێدوانێکی سیناتۆری ئەمریکا لیندزی گراهام گوتی، بابەتەکە پەیوەندی بەنەوتەوە هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گرتە ڤیدۆییەکی سیناتۆری ئەمریکی لیندزی گراهامی لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' پۆست کردووە و لەسەر نووسیووە 'ساتێکی دەگمەنی راستگۆیی، بابەتەکە تەنیا نەوتە'.

لیندزی گراهام لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دەڵێت،  "ڤەنزوێلا و ئێران خاوەنی 31%ی یەدەگی نەوتی جیهانن، ئێمەش هاوبەش دەبین لەگەڵیان"، هەر بۆیە بەقایی نووسیویەتی، "ساتێکی دەگمەنی راستگۆیی، بابەتەکە تەنیا نەوتە."

لە 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بەهاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران و هەرچی بارەگا و دامەزراوەی سەربازیی ئەم وڵاتە هەیە بۆردومانیان کرد، هاوکات هێرشیان کردە سەر کۆگانی نەوتی تاران، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و چەندین فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون.