راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ژمارەیەک وڵات درێژکرایەوە

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژکرایەوە.

عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس"، رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی وڵاتان دەکەن و تا ئێستا لە ئێران، ئیسرائیل، عێراق، قەتەر، بەحرێن، کوێت و سووریا (جگە لە حەلەب) بڕیاری داخستنی ئاسمان بەردەوامە.

بە گوتەی ئەو وەزیرە، لە عوممان، ئوردن و سعوودییە گەشتی ئاسمانیی مەدەنی بەشێوەیەکی سنووردار بەردەوامە و لە ئیماراتیش بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و سنووردار گەشتە ئاسمانییەکان دەکرێن.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، "لەبەر پێشهاتەکان، کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیمان بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە گەشتەکانیان بۆ هەندێک شوێنی ناوچەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی 9ـی ئادار راگرتبوو، بەڵام لەسەر بنچینەی هەڵسەنگاندنەکان و بەهۆی ئەو مەترسییانەی هێشتا بەردەوامن، گەشتەکانی "هێڵی ئاسمانیی تورکی" ("تورکیش ئێیەرلاینز")، "ئانادۆڵو جێت"، "پێگاسووس" و "SunExpress" بۆ عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن تاوەکو کۆتایی رۆژی 13ـی ئادار هەڵوەشێندرانەوە".

بە گوتەی عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "پێگاسووس" تاوەکو 12ـی ئادار و ھێڵی ئاسمانیی "ئانادۆڵو جێت" تاوەکو 20ـی ئاداریش گەشتەکانی ئێرانیان لە پلانی خۆیاندا دەرکردووە.