بەرپرسێکی حکوومەتی سووریا بۆ کوردستان24: تا جەژن ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە

بەرپرسێکی حکوومەتی سووریا دەڵێت، تا جەژن هەموو ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و ناوچەکانی دیکەش دەکەن. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی ئاداری 2026، ئەحمەد ئەلهیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بەردەوامە و ئامانجیانە تا جەژن سەرجەم خێزانەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

ئەحمەد ئەلهیلالی لە نێو یاریگای "بەلەدی" لە حەسەکە لێدوانەکەی بۆ کوردستان24 داوە و ئاماژەی بەوە کرد، "لە ئێستادا لێرەین و سەرقاڵی رێکخستنی کاروباری ئاوارەکانی عەفرینین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، پلانمان ئەوەیە سەرجەم ئاوارەکان جەژنی داهاتوو لە ماڵەکانی خۆیان بکەن، پرۆسەی گەڕانەوەکەشیان قۆناغ بە قۆناغ دەبێت."

گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا روونیکردەوە، "بەڕاستی ژمارەی ئاوارەکانی عەفرین زۆرە و لە دەوروبەری هەشت هەزار خێزاندایە، پێکهاتوون لە نزیکەی 40 هەزار کەس و ئێستا لە حەسەکە نیشتەجێن".

ئەلهیلالی باسی لە چارەنووسی ئاوارەکانی سەرێکانی و ناوچەکانی دیکە کرد کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و ئەوەی خستە روو، "ئەو ناوچانەش لە نێو پلانەکەماندان، هەر کاتێک رێگاکان کرانەوە و ناوچەکە لە مین پاککرایەوە و بارودۆخی ئەمنی وەک پێشتری لێهاتەوە، بە پشتیوانیی خودا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش هەموویان دەگەڕێنەوە."

لە سەرەتای ساڵی 2018 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆیەوە سەدان هەزار هاووڵاتیی کورد ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارەی ناوچەکانی شەهبا و حەسەکە بوون. دواتر لە کۆتایی ساڵی 2019 هەمان سیناریۆ لە شاری سەرێکانی دووبارە بووەوە و هەزاران خێزانی دیکە روویان لە کەمپەکانی پارێزگای حەسەکە کرد.

لە دوای گۆڕانکارییە گەورە سەربازی و سیاسییەکانی کۆتایی ساڵی 2024 و رووخانی رژێمی پێشووی سووریا، قۆناغێکی نوێ لەو وڵاتە دەستی پێکردووە. لە ئێستادا لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی نوێی سووریا لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان.

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بە یەکێک لە دۆسیە ئاڵۆزەکان دادەنرێت، بەتایبەت بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لە ساڵانی رابردوودا و نیشتەجێبوونی چەکدارەکان لە نێو ماڵی کوردە ئاوارەکاندا، هەروەها بوونی مین و پاشماوەکانی جەنگ رێگرێکی دیکەیە لە بەردەم گەڕانەوەی خێرای خەڵکەکە بۆ ناوچەکانیان، بۆیە هەردوو لا هەوڵ دەدەن پرۆسەکە بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو و پارێزراو بەڕێوە بچێت.