سیامەند عەفرینی بۆ کوردستان24: ئەم هەفتەیە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان دەستپێدەکات
سیامەند عەفرینی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئامادەکارییەکان خێرا کراون بۆ گەڕاندنەوەی دەیان هەزار ئاوارەی عەفرین بۆ زێدی خۆیان. هاوکات ئاشکراشی کرد، رێککەوتن کراوە بۆ ئاڵوگۆڕکردن و ئازادکردنی زیندانییان لەم هەفتەیەدا.
سیامەند عەفرینی ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی ئاداری 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، ئێستا نزیکەی هەشت هەزار خێزانی ئاوارەی عەفرین چاوەڕێی گەڕانەوەن، پلانیشیان داناوە بە شێوەی گرووپ و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سەرجەمیان بگەڕێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سووریا لە هەماهەنگیدان بۆ کردنەوەی رێڕەوی ئارام.
فەرماندەکەی ئاسایش روونیکردەوە، هەوڵدەدەن سەرجەم رێگاکان بەکاربهێنن، لەوانە رێگەی نێودەوڵەتی، رێگەی "تەل تەمر" و "سەرێکانی"، تاوەکو ئەو ئاوارانە لە کەمپ و قوتابخانەکان رزگاریان بێت و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە عەفرین و سەرێکانی.
لەسەر پرسی جیاکاری، عەفرینی جەختی کردەوە، "گەل گەلی ئێمەیە و هیچ جیاوازییەک ناکەین، لیژنەیەک بۆ هەماهەنگی پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان کارئاسانی بکەن، ئەگەر کەسانێکی نەخێرخوازیش هەبن بیانەوێت رێگری بکەن، ئێمە لێیان دێینە پێشەوە و ناهێڵین، تاوەکو خەڵکەکەمان بە سەلامەتی دەگاتە عەفرین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، سیامەند عەفرینی باسی لە پرسی ئەو زیندانی و گیراوانە کرد کە کەسوکاریان داوای ئازادکردنیان دەکەن، لەم بارەیەوە گوتی، "ئێمە گوێمان لە داواکاری و نیگەرانییەکانیان گرتووە و خەمخۆری کێشەکانیانین. بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنراوە، دەوڵەت لیستی ناوی گیراوەکانی خۆی داوەتە ئێمە و ئێمەش لیستی ناوی گیراوەکانمان داوەتە ئەوان."
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، پرۆسەکە بە دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم گەیاندنی گروپە ئاوارەکانە بۆ عەفرین و سەرێکانی، قۆناغی دووەمیش بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا جێبەجێ بکرێت و بریتی دەبێت لە ئازادکردن و ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زیندانییانە.