عێراق زیانمەندی سەرەکیی داخستنی گەرووی هورمزە

بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەم گەرووە رێڕەوێکی ستراتیژییە و نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهان بەوێدا تێپەڕ دەبێت.

بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە. 

بەگوێرەی راپۆرتە ئابوورییەکان، بەشێک لە پاڵاوگە گەورەکانی چین کارکردنی یەکەکانیان کەمکردووەتەوە یان هەندێک هێڵی بەرهەمهێنانیان راگرتووە بەهۆی کەمی نەوتی خاوی عێراق، لەبەرامبەردا، کۆمپانیاکان دەستیان بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی بەدیلدا کردووە لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمبوونەوەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، مەترسییە ئەمنییەکان لە گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و بیمەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەمەش راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر نرخی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان هەبووە.

هەروەها لەدوای داخستنی گەرووەکە، هەناردەی نەوتی عێراق لانی کەم 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە، ئەمەش زیانی راستەوخۆی بۆ پاڵاوگەکان و کۆمپانیاکانی پترۆکیمیایی لە ئاسیا، بەتایبەت لە چین دروستکردووە.