پوتن پشتیوانیی رووسیا بۆ رێبەری نوێی ئێران دووپات دەکاتەوە
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە بروسکەیەکی پیرۆزباییدا کە لە ماڵپەر کۆشکی سەرۆکایەتی (کریملن) بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی: "سەید حوسەینی خامنەیی، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتان وەک رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران".
سەرۆکی رووسیا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێستا ئێران رووبەڕووی دەستدرێژییەکی چەکداری بووەتەوە، بێگومان وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایە پێویستی بە ئازایەتی و لەخۆبووردەییەکی زۆر هەیە. من دڵنیام ئێوە بەوپەڕی شانازییەوە درێژە بە رێبازی باوکتان دەدەن و ریزەکانی گەلی ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سەختەکاندا یەکدەخەن".
پوتن ئەوەشی خستە روو، "دووبارە جەخت لە پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ تاران و هاوسۆزیمان لەگەڵ دۆستە ئێرانییەکانمان دەکەینەوە"، روونیشی کردەوە، رووسیا هەمیشە هاوبەشێکی جێی متمانەی کۆماری ئیسلامی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.
هەروەها سەرۆکی رووسیا هیوای خواست رێبەرە نوێیەکەی ئێران لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە قورسانەی پێی سپێردراوە سەرکەوتوو بێت و لەشساغ و تەندروست بێت.
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 08ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دیاریکردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی رێبەری کۆچکردووی ئێرانی، وەک 3یەمین رێبەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە جێگەی باوکی راگەیاند.
موجتەبا خامنەیی تەمەن 55 ساڵ، دووەم کوڕی عەلی خامنەییە. پێشتر راپۆرتە هەواڵگرییەکان و میدیا جیهانییەکان چەندین جار ئاماژەیان بەوە دابوو موجتەبا بەهێزترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی باوکی.
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 زانا و پیاوی ئایینی پێکدێت، ئەرکی سەرەکییان هەڵبژاردن و چاودێریکردنی رێبەری باڵایە. دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی لەم کاتە هەستیارەدا دێت تاران لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.