تورکیا خستنەخوارەوەی مووشەکێکی دیکەی ئێرانی راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی تورکیا خستنەخوارەوەی مووشەکێکی بالیستیی ئێرانی راگەیاند و هۆشداریش دەداتە بەرپرسانی تاران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدرابوو و سنووری ئاسمانی تورکیای بەزاندبوو، تێکشکێندراوە و پارچەکانی لە شاری دیلۆکی باکووری کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەو مووشەکە بالیستییەیان کردووەتە ئامانج و تێکیانشکاندووە.
لەبارەی زیانەکانی رووداوەکەشەوە، وەزارەتەکە روونی کردەوە، "هەندێک لە پارچەکانی ئەو مووشەکە لە ناوچە چۆڵەکان و زەوییە بەتاڵەکانی دیلۆک کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پەیامێکی هۆشداریی توندی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات، بەڵام جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە، بەرانبەر بە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و ئاسمانی وڵاتەکەمان، بەبێ دوودڵی و بە پێداگرییەوە هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێین."
لە کۆتاییشدا تورکیا هۆشداری داوە و رایگەیاندووە، "پابەندبوون بە هۆشدارییەکانی تورکیا لەم رووەوە، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."