یونیسێف: بەهۆی ململانێکان لە لوبنان سەدان منداڵ بوونەتە قوربانی

رێکخراوی یونیسێف هۆشدارییەکی توند لەبارەی دۆخی مرۆیی لە لوبنان بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تەنیا لە شەش رۆژی رابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە، کوژرانی منداڵان بە شێوەیەکی ترسناک هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 412 منداڵ. بەپێی ئامارە نوێیەکان، ئێستا رۆژانە بە تێکڕا 10 منداڵ دەبنە قوربانی و نزیکەی 200 هەزار منداڵیش لە نێو شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەییدا، لە پەناگە سارد و قەرەباڵغەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.

دووشەممە 9ی ئاداری 2026، رێکخراوی یونیسێف (UNICEF) هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە سەبارەت بە هەڵکشانی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و ئەو کاریگەرییە وێرانکەرەی کە لەسەر ژیانی منداڵان دروستی کردووە.

بەپێی نوێترین راپۆرتەکانی رێکخراوەکە، بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە 2ی ئادارەوە، لانی کەم 83 منداڵ کوژراون و 254 منداڵی دیکەش بریندار بوون. ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، رۆژانە بە تێکڕا زیاتر لە 10 منداڵ لە سەرانسەری لوبنان کوژراون و نزیکەی 36 منداڵیش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم ئامارانە شۆکهێنەرن و بەڵگەیەکی روونن بۆ ئەو باجە قورسەی کە گرژییەکان لەسەر منداڵان دروستیان کردووە. لە ماوەی 28 مانگی رابردوودا، 329 منداڵ کوژراون و 1,632 منداڵیش بریندار بوون، بەڵام تەنیا لە شەش رۆژی رابردوودا رێژەی کوژرانی منداڵان 25% بەرزبوونەتەوە و کۆی گشتیی گەیشتووەتە ژمارەی کارەساتباری 412 منداڵی کوژراو."

یونیسێف ئاماژەشی داوە، بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان نەک تەنیا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان منداڵ بە خێرایەکی ترسناک، بەڵکوو وایکردووە خێزانەکان لە ترسا ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن. ئێستا هەزاران منداڵ ناچارن لە پەناگە سارد و قەرەباڵغەکاندا بخەون.

سەبارەت بە پرسی ئاوارەبوون، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری لوبنان نزیکەی 700 هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن، کە نزیکەی 200 هەزاریان منداڵن. ئەمەش ژمارەیەکە دەچێتە سەر ئەو دەیان هەزار کەسەی کە پێشتر بەهۆی گرژییەکانەوە ئاوارە ببوون.

یونیسێف داوا لە هەموو لایەنە ناکۆکەکان دەکات کە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان لە نێویاندا قوتابخانە و پەناگەکان بپارێزن و پابەندی ئەرکەکانیان بن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان. هەروەها رێکخراوەکە جەخت لەسەر گرتنەبەری هەوڵی دەستبەجێ دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە گەیاندنی زیانی زیاتر بە منداڵان.