زانکۆی سەڵاحەددین ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەکات
سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی گیانی قوتابیان و رێگری لە پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ گرتنەبەری رێگەی جێگرەوە لە ئەگەری بەردەوامی ئەم باردۆخەی بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکان ناوچەکە دروستبووە.
لەمبارەوە سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2026، کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە چارەنووسی خوێندنی قوتابیان و بارودۆخی ئێستا ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، ئەگەر ئەم بارودۆخە درێژە بکێشێت، لە پێناو پاراستنی گیان و سەلامەتیی قوتابیان، زانکۆ رێگەی دیکە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن دەگرێتەبەر و رێگە نادرێت پرۆسەی خوێندن بوەستێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، زانکۆی سەڵاحەددین لە ئێستاوە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی کردووە بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکدا دەوامی قوتابیان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنیان نەفەوتێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست کوردستان24 گەیشتووە، یەكێک لە ئەگەرەکانی خوێندن هاوشێوەی ساڵی 2020، بەشێوەی ئۆنڵاین دەبێت وەک هاوشێوەی ئەو کاتەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەرێمی کوردستان و جیهانی گرتبووەوە.