ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران

(وێنە؛ تاوەری میلاد لە تاران)
(وێنە؛ تاوەری میلاد لە تاران)

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی گرنگ لە ناوخۆی ئێران، شارەکانی تاران، ئیسفەهان و شیرازی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، لە تاران ناوەندێکی فەرماندەیی سەر بە "فەیلەقی قودس"ی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج. هاوکات لە شاری ئیسفەهان، شوێنەکانی دروستکردن و کۆگاکردنی مووشەک بە چڕی بۆردومان کراون.

هەر لە چوارچێوەی ئەم هێرشانەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی دیکەی سەربازییان لە دەوروبەری شاری شیراز لە باشووری ئێران پێکاوە. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی یەک شەودا، شەش فڕۆکەخانەی ستراتیژیی سەربازییان بۆردومان کردووە، تێیدا ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی و هەلیکۆپتەری هێرشبەری سوپای پاسداران لەناو براون.

سەبارەت بە ئامانجی ئەم هێرشانە، سوپای ئیسرائیل روونی کردەوە: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە مەبەستی لاوازکردنی توانای هێزی ئاسمانیی ئێران و پەکخستنی هەوڵەکانی تارانە بۆ گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا."

لە کۆتا پێشهاتیشدا، سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی قۆناخی یەکەمی هێرشەکان، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێ و فراوانتری هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر تاران راگەیاند؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات.