ئەوروپا هێزە دەریاییەکانی دژی ئێران دەجوڵێنێت

(وێنە؛ فڕۆکە هەڵگری "HMS Prince of Wales")
(وێنە؛ فڕۆکە هەڵگری "HMS Prince of Wales")

رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای پەرەسەندنی توندی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و بڕیاری فەرەنسا بۆ رەوانەکردنی هێزێکی دەریایی گەورە بۆ ناوچەکە، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا بەنیاز نییە لە ئێستادا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

بەگویرەی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری (HMS Prince of Wales) بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەبری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو جەمسەری باکوور بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕەکانی ناتۆ. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنیا کەشتی تێکدەر لە جۆری 45(HMS Dragon) رەوانەی ناوچەکە دەکرێت، بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو بەندەری پۆرتسمۆس جێبهێڵێت و گەیشتنی بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەفتەیەک دەخایەنێت.

کەشتی (HMS Dragon) تەنیا کەشتی بەریتانییە توانای بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی هەبێت لە رێگەی سیستەمی "سی ڤایپەر". ئەم کەشتییە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزەوە و ئەرکی پاراستنی بنکەی ئاسمانی "ئەکرۆتیری" لە قوبرس و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە کەنداوی پێسپێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، بڵاوەپێکردنی هێزێکی دەریایی راگەیاند کە پێکهاتووە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی "شارل دیگۆل"، هەشت کەشتی فرێگات و دوو کەشتی هێرشبەری دیکە. ماکرۆن جەختی کردەوە، ئەم هێزانە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور و گەرووی هورمز جێگیر دەکرێن.

هاوکات وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک یۆنان، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ناردنی هێزی سەربازی و فڕۆکەی جەنگی (F-16) بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و بنکە سەربازییەکانی قوبرس.

ئەم ئامادەکارییە سەربازییانە دوای ئەوە دێتم بنکەی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا لە قوبرس رووبەڕووی هێرشی درۆن بووەوە. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران "گووگڵ ماپ" و وێنەی مانگە دەستکردەکانیان بەکارهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی فڕۆکە سیخوڕییەکانی (U-2) لە ناو بنکەکەدا و کردنیانە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت: تا ئێستا بڕیاری کۆتایی بۆ گۆڕینی رێڕەوی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی نەداوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کاتی جێگیرکردنی هێزەکان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا بەردەوامن.