عێراقچی: دەرگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا داخراوە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە و بژاردەی دیپلۆماسیشی لەگەڵ واشنتن بەتەواوی کۆتایی پێهێناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (PBS News) رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ درێژەدان بە هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەر نەیارەکانمان، هەر کاتێک پێویست بێت و تا ئەو کاتەی مەبەست بێت." جەختیشی کردەوە، چیتر پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر مێزی تاران نەماوە و رێڕەوە دیپلۆماسییەکان لەو بارەیەوە داخراون.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو؛ شەڕ لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت، بەڵام عێراقچی بە توندی هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکی لەو چوارچێوەیەدا رەتکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی جیادا لەگەڵ کەناڵی (NBC News)، داواکارییەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قبوڵنەکراو وەسف کرد و گوتی: "پێویستە بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان، بەردەوام بین لە شەڕکردن."
وەزیری دەرەوەی ئێران تۆمەتی "کوشتنی خەڵکی سڤیل و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و خوێندکاران"ی خستە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، لە ژێر سایەی ئەو هێرشانەدا هیچ واتایەک بۆ ئاگربەست نەماوەتەوە و وڵاتەکەی لەسەر هەڵوێستە سەربازییەکانی بەردەوام دەبێت.