سوپاسالاری ئەمریکا: ئێران لەوە بەهێزتر نییە کە بیرمان لێ دەکردەوە

لە نوێترین پێشهاتەی سەربازیدا، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان گورزی گەورەیان لە بنکە سەربازی و پیشەسازییەکانی ئێران وەشاندووە و زیاتر لە پێنج هەزار ئامانجیان پێکاوە، بەمەش توانیویانە توانای هەڵدانی مووشەکی بالیستی ئەو وڵاتە بە رێژەی 83% کەم بکەنەوە. هاوکات جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز و تێکشکاندنی کەشتییە سەربازییەکانی ئێران.

سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکانیان چووەتە قۆناغێکی قووڵترەوە و راستەوخۆ بنکە سەربازی و پیشەسازییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، بەتایبەتی ئەو کارگانەی تایبەتمەندن بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

سوپاسالاری ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ئامانج و سەکۆی هەڵدانی مووشەک لە ناوخۆی ئێران خاپوور کراون. ئەم چڕکردنەوەیەی هێرشەکان وای کردووە توانای تاران بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی بە رێژەی 83% پاشەکشە بکات بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکان. ئامانجی سەرەکی لەم ئۆپەراسیۆنانەش رێگریکردنە لە ئێران تا نەتوانێت لە ئێستا و داهاتووشدا هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات.

سەبارەت بە دۆخی دەریایی و ئاسایشی کەنداو، دان کەین ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا چەندین بژاردە تاوتوێ دەکات لە ئەگەری دەرچوونی بڕیارێک بۆ یاوەری کردن و پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە لێدان و تێکشکاندنی تواناکانی هێزی دەریایی ئێران بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی جووڵەی دەریایی.

روونیشی کردەوە، هێزەکانیان کەشتییەکی ئێرانیی هەڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێکاوە و نوقمیان کردووە، هەروەها چەندین تانکەری نەوت و کەشتی جەنگیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. ئێستاش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ئەو کەشتییانەی مینی دەریایی دادەنێن، لەگەڵ لەناوبردنی کۆگاکانی هەڵگرتنی مین.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا و سەبارەت بە توانای خۆگونجاندنی هێزەکانی ئێران لەگەڵ هێرشەکان،سوپاسالاری ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان رایگەیاند، وەک دەزانن، هیچ پلانێک لە یەکەم رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەوان خۆیان دەگونجێنن و ئێمەش بە هەمان شێوە، بێگومان ئێمە جەنگاوەری زۆر داهێنەر و لێهاتوومان هەیە.

ناوبراو ئامادە نەبوو بەهۆی پاراستنی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکانەوە وردەکاریی زیاتر لەسەر تەکتیکە سەرکەوتووەکانیان بدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا چاودێری جووڵەکانی ئێران دەکەن و زۆر خێراتر لەوان خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا دەگونجێنن؛ لە وەڵامی ئەوەی ئایا هێزەکانی ئێران لەوە بەهێزترن کە پێشبینی دەکرا، بە ڕاشکاوی گوتی: پێم وایە ئەوان شەڕ دەکەن و من ڕێز لەوە دەگرم، بەڵام پێم وانییە ئەوان لەوە بەهێزتر بن کە ئێمە پێمان وابوو.