مۆسکۆ هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەست پێدەکات

کۆشکی کرێملین ئاشکرای کرد، کە پوتن کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ کردووە سەبارەت بە دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە و راگرتنی جەنگی ئێران و ئەمریکا.

رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی رووسیا، کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران.

هەروەها دەڵێت: مۆسکۆ "چاودێریی ئەوە دەکات کە پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتن چۆن بەڕێوە دەچێت". پیسکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، کە کرێملین وردەکارییەکانی پێشنیازەکەی پوتن سەبارەت بە ئێران ئاشکرا ناکات.

پیسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە، کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان پوتن و ترەمپ سەبارەت بە دۆخی ئێران هێشتا ئاماژە نییە بۆ ئەوەی کە سەرۆکی رووسیا بووبێتە نێوەندگیر لە هەوڵەکانی چارەسەرکردندا.

گوتیشی: رووسیا خۆشحاڵ دەبێت بە یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەیە بۆ ئەمەش، بەڵام پێویستە لەم پرسەدا هەماهەنگی لەگەڵ چەندین لایەن بکرێت".

پیسکۆڤ باسی لەوەش کرد، کە "پوتن و ترەمپ لە دوایین گفتوگۆی خۆیاندا بە وردی باسیان لە هەڵگرتنی ئەو کۆتوبەندانە نەکردووە کە خراونەتە سەر هەناردەی نەوتی رووسیا، هەرچەندە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم گەمارۆیانە بۆ هەمووان ئاشکران".

هاوکات گوتەبێژی کرێملین رەتی کردەوە، هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو راپۆرتانە بدات کە باس لە دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری بۆ ئێران دەکەن، لە سایەی ئەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپایان کردووە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ۆژنامەوانیدا گوتوبووی: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ پوتن ئەنجامدا"

ئاماژەی بەوە کردبوو، کە سەرۆکی رووسیا ویستوویەتی "دەستی یارمەتی" سەبارەت بە پرسی ئێران درێژ بکات.

ترەمپ ئەوەشی خسبووە روو: "بە پوتنم گوت، دەتوانیت زۆر سوودبەخشتر بێت ئەگەر کۆتایی بە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا بهێنیت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.