وەزارەتی بەرگریی سعوودیە: ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئێرانیمان لەناو بردووە

سعوودیە ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەمریکاش باس لەوە دەکات پێنج هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێران پێکاون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند: هێزەکانی بەرگریی توانیویانە دوو درۆن لە ناوچەی (ڕوبعولخالی) تێکبشکێنن کە ئاراستەی کێڵگەی نەوتی (شەیبە) کرابوون، هاوکات دوو درۆنی دیکەش لە ناوچەی (حەفەر ئەلباتن) تێکشێنراون.

هەروەها جەخت لەوە کراوە کە مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی ناوچەی ڕۆژهەڵات کرابوو، جگە لە بەرپەرچدانەوە و لەناوبردنی شەش مووشەکی بالیستی دیکە کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) کرابوون.

لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لەپێنج هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێراندا.

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بە رێژەی زیاتر لە ٪90 کەمیکردووە لەو کاتەوەی جەنگ لە 28ـی شوبات دەستی پێکردووە.