پێشنیازێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەخرێتە روو
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەنێت.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە نوێترین هەنگاویدا بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بازاڕەکان، پێشنیازی کردووە وڵاتانی خاوەن نەوتی عەمبارکراو پێکەوە گەورەترین یەدەگ بخەنە بەردەست، بەو شێوەیە نرخەکەی دابەزێنن.
لە راگەیەنراوێکدا ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، پێویستە وڵاتان پێکەوە 182 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ بخەنە بازاڕەکانەوە.
راستەوخۆ لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم داوایە لە وڵاتانی خاوەن نەوت، نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی.
لەم بارەیەوە فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی" روونی کردەوە، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی بازاڕەکان و کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان.
ئێستا بەهۆی جەنگی ئێران و مەترسییەکانی سەر کەشتییەکانی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز، بازاڕەکانی نەوت ناسەقامگیرییان پێوە دیارە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکەوە، ژمارەیەک کەشتی نەوتهەڵگر کروانەتە ئامانج و سوپای پاسداران هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەکە قەدەخە کردووە.
مێژووی بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت لەلایەن "ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی" بۆ کاتە هەستیارەکان و قەیرانە گەورەکانی جیهان دەگەڕێتەوە. ئاژانسەکە پێشتریش لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا پەنای بۆ ئەم هەنگاوە بردووە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان. بۆ نموونە لە کاتی دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە بڕیاریان دا گەورەترین بڕی نەوتی یەدەگ بخەنە بازاڕەوە.