پارێزگاری لوڕستان: ئیسرائیل 112 شوێنی لە پارێزگاکەمان کردووەتە ئامانج

پارێزگاری لوڕستان ئاماری فەرمی زیانەکانی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگاکە راگەیاند و ئاشکرای کرد، زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی مەدەنی و خزمەتگوزاری ناوچەکە کەوتووە.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتی پارێزگاری لوڕستان، لە ماوەی هێرشەکاندا 71 جار هێرش کراوەتە سەر 10 شاری جیاوازی پارێزگاکە، کە تیایدا بە گشتی 112 شوێنی جیاواز کراونەتە ئامانج.

پارێزگاری لوڕستان ئاماژەی بەوە کردووە، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، بە جۆرێک پێنج ناوەندی پزیشکی، دوو بنکەی مانگی سوور و ناوەندی فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لە کەرتی پەروەردە و وەرزشدا، 52 قوتابخانە و 13 ناوەندی وەرزشی لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا تووشی وێرانکاری بوون.

سەبارەت بە زیانە دارایی و موڵکایەتییەکان، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوو هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوون، بازرگانی و باڵەخانەی گشتی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بە تەواوی وێران بوون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

ئەم لێدوانانەی پارێزگاری لوڕستان لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشەکان زیانی زۆری گەورەیان بە ناوچە مەدەنییەکان گەیاندووە.