وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سێ کەشتی لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردەوە، لە نزیک گەرووی هورمز سێ کەشتی کراونەتە ئامانج، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵەکانی ئێران بۆ پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە ناوچەکەدا.

چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە نزیک گەرووی هورمز سێ کەشتی کراونەتە ئامانج، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم پەرەسەندنە مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و بازرگانی جیهانی دروست دەکات، بەتایبەت گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا و رۆژانە بڕێکی زۆری نەوتی خاوی لێوە تێدەپەڕێت.

رۆژنامەکە روونیکردۆتەوە، ئێران لە رێگەی ئەم جۆرە کردەوانەوە دەیەوێت فشار بخاتە سەر بازاڕەکانی نەوت و هاتوچۆی کەشتییەکان سنووردار بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی توندی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکاندا تێدەپەڕێت.

تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی زیانە وردەکانی ئەو سێ کەشتییەیان رانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێکچوونی زیاتری سەقامگیریی ئابووری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.