ئەردۆغان: ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتیی داین

سەرۆککۆماری تورکیا، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر بە قەیرانی ئێران روون کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە هەمیشە لە بەرەی ئاشتیدایە. هاوکات، هێرشێکی بێپێشینەی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە "گەورەترین کارەسات" بۆ گەلی ئیسرائیل وەسفی کرد لە دوای هۆلۆکۆستەوە

چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی ئەنقەرە سەبارەت بەو ململانێ و قەیرانەی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا کێشاوە و رایگەیاند: هەڵوێستمان لە قەیرانی ئێراندا زۆر روون و ئاشکرایە، تورکیا هەمیشە لە پاڵ ئاشتیدایە و لایەنگری شەڕ نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و ئاماژەی بە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: "تەنانەت گەلی ئیسرائیلیش کە هەموو شەوێک لە پەناگەکاندا بەسەر دەبەن، ئێستا بە ئاشکرا ئەوە دەڵێن کە ناتانیاهۆ گەورەترین کارەساتە بەسەریاندا هاتبێت لە دوای رووداوی هۆلۆکۆستەوە."

سەبارەت بە پێشهاتە مەیدانییەکانیش، ئەردۆغان ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و تۆقاندنەوە ئاسایشی خۆی دابین بکات. ناوبراو روونی کردەوە کە ئیسرائیل لە لایەکەوە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە و هیچ گوێیەک بەو ئاگربەستە نادات کە هەر لە بنەڕەتدا پێوەی پابەند نەبووە، لە لایەکی دیکەشەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ داگیرکردنی خاکی لوبنان.