ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێکی دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن پەسەند کرد
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێکی هاوبەشی وڵاتانی کەنداو و ئوردنی پەسەند کرد کە تێیدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات بۆ سەر ناوچەکە و داوای ڕرگرتنی دەستبەجێی ئەو پەلامارانە دەکات.
چوارشەممە 11ـی ئادار 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 2817ی بە زۆرینەی 13 دەنگی بەڵێ پەسەند کرد. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا، هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا و چین بێلایەن بوون و هیچ دەوڵەتێکیش دەنگی دژی بڕیارەکە نەدا.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە بڕیارەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئوردن، کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی و زیانی ماددی زۆر. ئەنجوومەنەکە ئەو هێرشانەی وەک پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکە بڕیارەکەدا، داوا لە ئێران کراوە دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەر هەوڵێک یان هەڕەشەیەکی ئێران بۆ داخستن، دروستکردنی ئاستەنگ، یان دەستوەردان لە ڕێگای ئاوی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمزدا بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە دەکرێت.
دوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، جەمال رووەیعی، نوێنەری بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە پەیامێکی بەهێزی ئەنجوومەنی ئاسایشە کە دەستدرێژییەکانی ئێران چیتر قبووڵکراو نین."
نوێنەری بەحرەین ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەشێکی گرنگ و جیانەکراوەیە لە ئاسایشی جیهانی، و جەختیشی کردەوە کە وڵاتانی کەنداو هەموو مافێکی یاساییان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خاک و سەروەری خۆیان.