دوای هەفتەیەک لە وەستانی، سەکۆی 'ئی-پسوولە' کەوتەوە کار

دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لەکارکەوتبوو، سەکۆی دیجیتاڵیی "ئی-پسوولە" دووبارە کەوتەوە کار و حکوومەتی هەرێمیش بڕیاری داوە قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە بکاتەوە کە نەیانتوانیوە سوود لە داشکاندنی پارەی کارەبا وەربگرن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای چاککردنەوەی ئەو کێشە تەکنیکییەی بووە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەکانی سەکۆکە، لە ئێستادا بەدواداچوونی ورد دەکات و تەواوی رێکارە پێویستەکانی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە وەستانێک لە داهاتوودا.

بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئەو کێشە تەکنیکییە رێگر بوو لەوەی هاووڵاتییان سوودمەند بن لەو پاڵپشتییەی کە بە %20 بۆ کۆی گشتیی پسوولەی کارەبا دانرابوو لە رێگەی بەکارهێنانی "ئی-پسوولە"وە، حکوومەت بڕیاری دا ئەم دەستپێشخەرییە و داشکاندنەکە تاوەکو 24ـی ئاداری 2026 درێژ بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە هاوبەشانی ماڵان دەکرێت ئەم بڕە پاڵپشتییە وەک داشکاندن بخرێتە سەر پسوولەی کارەبای مانگی داهاتوویان.

"ئی-پسوولە" سەکۆی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئاسانکاری دەکات بۆ هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو بە شێوەیەکی خێرا و ئاسان لە رێگەی چەندین کەناڵی دیجیتاڵیی جیاوازەوە پسوولەکانیان ببینن و پارەکانیان بدەن.

ئەم پڕۆژەیە لە مانگی شوباتی ساڵی 2026 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا، پڕۆژەکە بەشێکی گرنگە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە ئامانجی بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی و پەرەپێدانی سیستەمی دیجیتاڵی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.