فینانشناڵ تایمز: فەرەنسا و ئیتالیا لەگەڵ ئێران دانوستان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەن

لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، چەند وڵاتێکی ئەوروپی بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا و ئیتالیا، بە نهێنی دەستیان بە دانوستان لەگەڵ تاران کردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، زامنکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکانیانە بە گەرووی هورمزدا.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فینانشناڵ تایمز (FT)، بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت و غاز لە کەنداوەوە کە نزیکەی پێنجیەکی وزەی جیهان پێکدەهێنێت، ژمارەیەک لە پایتەختە ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی نافەرمی دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ تاران کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی، بێ ئەوەی تێوەبگلێن لە فراوانبوونی ململانێکان.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە بۆ ڕۆژنامەکەیان ئاشکرا کردووە، فەرەنسا و ئیتالیا لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە هەوڵی کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی دەدەن. ئەم ترسەی وڵاتانی ئەوروپا لەدوای ئەوە دێت کە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە 60 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 100 دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی غازی سروشتیش لە ئەوروپا بە ڕێژەی %75 هەڵکشاوە، کە ئەمەش فشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی کیشوەرەکە و بودجەی نیشتمانیی وڵاتانی تووشی قەیران کردووە.

سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە هیچ گرەنتییەک بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکان نییە. دیپلۆماتکاران پێیان وایە تاران بە ئەنقەست دەیەوێت نرخی وزە بەرز بکاتەوە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران بەڵێنی دا کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەهێڵێتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا دابەش بووە؛ بەشێکیان پێیان وایە دەبێت قسە لەگەڵ ئێران بکرێت، بەڵام بەشێکی دیکە لە پایتەختە ئەوروپییەکان بە توندی دژی ئەم هەوڵی لێکنزیکبوونەوەیەن، کە ئەمەش پرۆسەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

لەسەر ئاستی سەربازیش، وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت خۆیان لە هەر تێوەگلانێکی ڕاستەوخۆ لە جەنگەکە بپارێزن و بەشێکیان ڕەخنەیان لەو هێرشە سەرەتاییەی ئەمریکا و ئیسرائیلیش گرتووە کە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئەم جەنگە ناوچەییە. هەرچەندە ئیتالیا، فەرەنسا و یۆنان کەشتیی جەنگییان لە دەریای سوور هەیە لە چوارچێوەی ئەرکی "ئەسپیدێس"ی ئەوروپی، بەڵام بەرپرسان ڕوونیان کردووەتەوە کە هیچ هێزێکی دەریایی ئەوروپی ئامادە نییە یاوەریی کەشتییە بازرگانییەکان بکات لە ناو گەرووی هورمزدا ئەگەر بچووکترین مەترسیی هێرش هەبێت، چونکە نایانەوێت جەنگەکە فراوانتر بێت. بەرپرسێکی ئەوروپی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە، "دەبێت ژینگەکە بە تەواوی سەلامەت و ڕێگەپێدراو بێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی سەرکردەکانی ئەوروپا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئامادەیی پاریسی دەربڕیوە بۆ یاوەرییکردنی کەشتییەکان، بەڵام تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ململانێکان هێور ببنەوە. کۆشکی ئەلیزێش ئاماژەی بەوە کردووە کە ماکرۆن لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هورمز.

هاوکات، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات ئەوروپا بە یەک دەنگ قسە بکات و بە فەرمی داوا لە ئێران بکات ڕێگە بە کەشتیی ئەو وڵاتانە بدات کە لە جەنگەکەدا نین تا بە سەلامەتی لە هورمزدا تێپەڕن. لە بەرانبەردا، بەریتانیا هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاراندا نییە، بەڵکو ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئێستا لە سعوودیەیە و لەگەڵ وڵاتانی کەنداو تاوتوێی بەردەوامیی دابینکردنی نەوت و وزە دەکات.