سوودانی بۆ ماکرۆن: لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر سەربازانی فەرەنسا دەکەین
سەرۆکوەزیران عێراق، رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک سەربازی فەرەنسی لە پارێزگای هەولێر کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرابوونە ئامانج، جەختیشی کردەوە، رێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، سوودانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە کردووە.
سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە فراوان بووە و هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی درێژخایەنی ناوچەکە دەکات.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر سەروەریی عێراق و بوونە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، گوتیشی: "ئەم هێرشانە بە مەبەستی تێکدانی بارودۆخەکە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە."
سەبارەت بە هێزە فەرەنسییەکانیش، سوودانی هاوخەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە فەرەنسییە دەربڕی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە هەولێر بوون و بەڵێنیدا لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەربڕی بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و جەختی لە رۆڵی سەرەکی و گرنگی عێراق کردەوە لە نزیککردنەوەی دیدوبۆچوونەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.