ئەمریکا 10 هەزار درۆن رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران، 10 هەزار درۆنی پێشکەوتووی جۆری "مێرۆپس" (Merops)ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم درۆنانە کە بە سیستەمی زیرەکی دەستکرد کاردەکەن، وەک جێگرەوەیەکی هەرزان و کاریگەر بۆ سیستەمە مووشەکییە گرانبەهاکان بەکاردەهێنرێن.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلۆمبێرگ"، ئەم درۆنانە کە سەرەتا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا پەرەیان پێدرابوو، ئێستا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و بەرپەرچدانەوەی درۆنە ئێرانییەکان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکە. درۆنی "مێرۆپس" توانایەکی بەرزی هەیە لە تێکشکاندنی ئامانجە ئاسمانییەکاندا (Interceptor).

گرنگیی ئەم هەنگاوە لە تێچووەکەیدا دەردەکەوێت؛ نرخی هەر درۆنێکی مێرۆپس لە نێوان 14 بۆ 15 هەزار دۆلاردایە، و پێشبینی دەکرێت لە کاتی داواکردنی بڕی زۆرتردا نرخەکەی بۆ 3 بۆ 5 هەزار دۆلار دابەزێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەکارهێنانی مووشەکی بەرگری وەک "پاتریۆت" یان "تاد" (THAAD) بۆ تێکشکاندنی هەر درۆنێک، تێچووەکەی زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلارە.

هاکات لەگەڵ درۆنەکانی مێرۆپس، سوپای ئەمریکا درۆنی جۆری "بەملبی" (Bumblebee)ی رەوانە کردووە. ئەم درۆنانە لە جۆری "کواتکۆپتەری تەقینەوەن" و بە تایبەت بۆ ئەوە دروستکراون کە بە دوای درۆنە دوژمنەکاندا بگەڕێن و لە ڕێگەی خۆپیاکێشان و تەقینەوەوە تێکیان بشکێنن.

ئەم ستراتیژە نوێیەی واشنتن وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە جەنگی درۆنەکاندا دەبینرێت، کە تێیدا تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی سەربازی و زیادکردنی توانای بەرگری لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا.