ترەمپ بۆ سوپای ئێران: چەکەکانتان دابنێن و وڵاتەکەتان لە وێرانبوون بپارێزن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی خارکی ئێرانی بەتەواوی خاپوور کردووە، هاوکات هۆشداریش دەداتە ئەو وڵاتە لەوەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز، وەڵامێکی وێرانکەری بۆ سەر کەرتی نەوتیی تاران بەدوادا دێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "چەند ساتێک لەمەوبەر، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی من، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ کرد و بەتەواوی سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی لە دوورگەی خارک، کە بە 'گەوهەری تاج'ـی ئێران ناسراوە، خاپوور کرد."

سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هێز و پێشکەوتوویی چەکەکانی سوپای وڵاتەکەی و رایگەیاند: کە خاوەنی پێشکەوتووترین و بەهێزترین چەکن کە جیهان تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی "رەچاوکردنی لایەنی مرۆیی و گونجاوی"، بڕیاریداوە ژێرخانی نەوتی دوورگەکە لەنێو نەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد.

ترەمپ گوتی: "ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە، هەر کارێک بکات کە ببێتە هۆی تێکدانی هاتوچۆی ئازاد و سەلامەتیی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئەوا دەستبەجێ بەم بڕیارەمدا دەچمەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەم."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ باسی لە توانا سەربازییەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا و لە ئێستاشدا، سوپای ئەمریکای بە جۆرێک بنیات ناوەتەوە کە بووەتە "کوشندەترین، بەهێزترین و کاریگەرترین هێز لەسەر ئاستی جیهان". 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئێران بە هیچ شێوەیەک توانای بەرگریکردنی لەو ئامانجانە نییە کە ئەمریکا دەیەوێت بیانپێکێت.

سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران، دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی یەکلاکەرەوە رایگەیاند: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها توانای ئەوەشی نابێت چیتر هەڕەشە لە ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان تەواوی جیهان بکات."

سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئامۆژگاریی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد و نووسیویەتی: "باشترە بۆ سوپای ئێران و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیانن، چەکەکانیان دابنێن و ئەوەی لە وڵاتەکەیان ماوەتەوە رزگاری بکەن، کە لە راستیدا شتێکی ئەوتۆشی لێ نەماوەتەوە".

کەمێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەر لەوەی بە فڕۆکەکەی گەشت بکات قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو، کە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگەکە نادیارە، بەڵام پرۆسە سەربازییەکان تا ئەو کاتەی پێویست بکات بەردەوام دەبن و واشنتن هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.