ژنێكی بێ لانە لەسەر شەقامەكانی سلێمانی رزگار دەكرێت
"تائێستا كەسوكاری ئەو ژنە نەدۆزراوەتەوە"

K24 – سلێمانی
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ژنێكی بێ لانە لەسەر شەقامەكانی سلێمانی كە لە خۆی دەدات، خۆی رووتدەكردەوە و ھاوار دەکات، پارێزەرێكی خۆبەخش خۆی كردە خاوەنی و بە ھاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سەر شەقام رزگاری كرد و گەیاندیە نەخۆشخانەیەكی چارەسەری دەروونی.
لەنجە خاوێ، پارێزەری خۆبەخش لەدوای بینینی ڤیدیۆی ژنێك كە لە شەقامەكانی سلێمانی ھاوار دەكات و لەخۆی دەدات، بەھاوكاری چەند كەسێك و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو ژنە دەدۆزێتەوە و دەیباتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، ئەو تائێستا یاوەری ئەو ژنەیە و چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكانی دەكات.
لەنجە خاوێ، بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا باری دەروونی (ھێرۆ) ئارامترە و قسە دەكات و دەڵێ باشم، بەڵام ئەمڕۆ پشكنینی بۆ دەكرێت و دوای دەرچوونی ئەنجامەكە، پزیشكەكان بڕیار دەدەن لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە یان دەبرێتە شوێنێكی دیكە".
باسی لەوەشكرد: "ئەو ژنە، لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا لە نەخۆشخانە دەرمانی ئارامكەرەوەی پێدراوە، دەرمانەکانیش تا رادەیەكی باش كاریگەرییان لەسەری ھەبووە".

وەك لەنجە دەڵێ، لە سەرەتا كە ویستویەتی ھاوكاری ئەو ژنە بكات، چووەتە ئەو شەقامەی ژنەكەی لێی بووە، بەڵام باری دەروونی ھێندە ناجێگیر بووە، توندوتیژی بەرامبەر ھەموو ئەو كەسانە كردووە كە لێی نزیك بوونەتەوە، بۆیە لەنجە داوای لە پۆلیس كردووە ھاوكاری بكەن تاوەکو بیگوازنەوە نەخۆشخانە.
لەنجە خاوێ، گوتیشی: "تائێستا ھیچ کەسێک لە كەسوكاری ئەو ژنە نەدۆزراونەتەوە، ئەو زۆر بانگی دایكی دەكات، بەڵام نازانرێ دایكی لە ژیاندا ماوە یان مردووە".
ئەو پارێزەرە بە (ھێرۆ) ناوی ئەو ژنە دەهێنێت، كە باری دەروونی تێكچووە و ئەو ھاوكاریەتی. ئاشكراشی كرد: "ناوی ئەو ژنە زانراوە، بەڵام جارێ ناكرێ ئاشكرای بكەین".
لەنجە خاوێ، راشیگەیاند، لەو كاتەی كە ویستوویەتی ئەو ژنە بباتە نەخۆشخانە، قسەی لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەركردنی نەخۆشییە دەرونییەكانی سلێمانی كردووە، ئەوانیش ھاوكاری بوونە.

