ئەمریکا هێزی زیاتری "مارێنز" و کەشتیی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرای دەکەن کە واشنتن بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی و وەڵامدانەوەی گرژییەکان، هێزی زەمینی و دەریایی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئەمریکا یەکەیەکی نوێی هێزەکانی "مارێنز" و چەند کەشتییەکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم هەنگاوە دوای دوو هەفتە دێت لە هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان کە پشتیان بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بەستووە: "نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی مارینز لەسەر پشتی سێ کەشتی جەنگی، لە ناوچەی زەریای هیندی و هێمنەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرێکەوتوون." ئاماژە بەوەش کراوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس تریپۆلی" کە بنکەکەی لە ژاپۆنە، ئێستا لە رێگادایە بۆ ناوچەکە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێزانە دەچنە پاڵ زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی کە پێشتر لە ناوچەکەدا جێگیر کراون. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات هێرشەکانی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز و دەوروبەری، بووە هۆی پەکخستنی هاتوچۆی دەریاوانی لەم رێڕەوە گرنگەدا و زیانی گەورەی بە ئابووری جیهان گەیاند.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە، ئەم هێزە نوێیە بریتییە لە یەکەیەکی دەریایی نێردراو بە شێوەیەکی ئاسایی دوو هەزار و 50 سەرباز و دەریاوان لەخۆدەگرێت. هەروەها "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردووە، داوای ناردنی ئەم هێزە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بووە و لەلایەن "پیت هیگسێت" وەزیری جەنگییەوە پەسند کراوە.
تۆڕی "ئەی بی سی" رایگەیاندووە، یەکەی 31ـی مارینز (31st MEU) بەشێوەیەکی ئاسایی لە ژاپۆن جێگیر بووە، فەرمانی پێدراوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێت. بەرپرسانی سەربازی دەڵێن: "ناردنی ئەم یەکەیە مەرج نییە بۆ شەڕی زەمینی بێت لە ناوخۆی ئێران، بەڵکو توانا و بژاردەی جۆراوجۆری وشکانی، دەریایی و ئاسمانی دەخاتە دەست فەرماندەکان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەکاریان بهێنن."