وۆڵ ستریت جۆرناڵ: لە هێرشەکانی ئێراندا پێنج فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگری ئەمریکی زیانیان پێگەیشتووە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومانێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە سعوودیە، پێنج فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا زیانیان پێگەیشتووە.

بەگوێرەی هەواڵەکەی رۆژنامەکە کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستوویەتیەوە، ئەو پێنج فڕۆکەیە لە چەند رۆژی رابردوودا و لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا زیانیان پێگەیشتووە، سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە، لە ئێستا فڕۆکەکان لە قۆناخی چاککردنەوەدان و هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، هاوکات رۆژنامەکە مۆدێلی فڕۆکە زیانپێکەوتووەکانی ئاشکرا نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سووتەمەنیپێدەری جۆری (KC-135) لە رۆژئاوای عێراق بەهۆی رووداوی پێکدادان لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیکەدا تێکشکاوە. سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، کە رووداوەکە بەهۆی هێرشی ئێران یان تەقە لێکردنەوە نەبووە.

بەهۆی ئەم رووداوانەوە، کۆی ژمارەی ئەو فڕۆکە سووتەمەنیپێدەرانەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە زیانیان پێگەیشتووە، گەیشتووەتە لانیکەم حەوت فڕۆکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم جۆرە فڕۆکانە رۆڵێکی چارەنووسساز و ستراتیژییان هەیە لە دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا بۆ ئەو فڕۆکە جەنگییانەی کە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکان بۆ سەر ئێران.