دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و سەیرانبەن دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، لە سبەینێوە هاتوچۆی گەشتیاری و جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکە دەستپێدەکاتەوە و هاوکات هەر ئەمڕۆ دەروازەی سەیرانبەنیش کرایەوە.

لە ئاگادارییەکدا کە ئاراستەی سەرجەم بازرگانان، کۆمپانیاکان، هاوردەکار و هەناردەکاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری کردنەوەی دەروازەکە سبەینێ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی مەرزی گومرگیی تەمەرچینی ئێرانی، و لەو رێکەوتەوە سەرجەم جوڵە بازرگانییەکان و هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستپێدەکاتەوە و پرۆسەکە وەک جاران بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی سەیرانبەن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزەکە دەستیپێکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، کردنەوەی مەرزەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردولا و دوای هەوڵ و پەیوەندییە بەردەوامەکانی لایەنی کوردی دێت لەگەڵ خواجە بەندی، بەڕێوەبەری دەروازەی سەیرانبەن لە دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران. 

پێشتر بەهۆی سەرهەڵدانی گرژی و ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، مەرزی سەیرانبەن بەڕووی سەرجەم جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکاندا بە تەواوی داخرابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لە کردنەوەی دەروازەکە، ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی شمەک و کاڵا بازرگانییەکانە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە نەهێشتن و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستی رۆژانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.