راوێژکاری دارایی سوودانی: کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز لە مانگەکانی داهاتوودا دەردەکەون
لەئەگەری درێهبوونەوەی جەنگەکە، عێراق تاوەکو پێنج مانگی دیکە دەتوانێت مووچە دابین بکات
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کاریگەرییەکانی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە ئێستادا دەرناکەوێت، بەڵکو لە مانگەکانی داهاتوودا هەستی پێدەکرێت، جەختیش دەکاتەوە، عێراق بۆ ماوەی پێنج مانگ لە رووی داراییەوە پارێزراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی راگەیاندووە، "گرفتەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز کاریگەریی لەسەر تێکڕای ڕەوشی دارایی و ئابووریی وڵات دەبێت، بەڵام لە ئێستادا دەرناکەوێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نەوتەکە هەناردە دەکرێت و دواتر پارەکەی دەگاتە دەستمان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی وەستانی هەناردەکردنەوە، کاریگەرییەکان دوای نزیکەی دوو مانگی دیکە، واتە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا (مانگی پێنج و شەش) بەدەر دەکەون، پێشبینیشی کرد، کە بە زوویی دۆخەکە یەکلایی ببێتەوە، چونکە خەمڵاندنەکان بۆ ئەوە دەچن کە جەنگەکە لانی زۆر چوار مانگ بخایەنێت.
سەبارەت بە رێکارەکانی حکوومەت لە کاتی درێژەکێشانی قەیرانەکەدا، مەزهەر محەممەد ساڵح روونیکردووەتەوە، "حکوومەت هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزکردن، ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و دانەوەی پابەندییە دەرەکییەکان"، هۆشداریشی دا، عێراق لەو دوو مانگەی کە ئاماژەی پێدراوە، بە قۆناغێکی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش لە بوارەکانی کرێ، مووچەی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتیدا.
راوێژکارەکە دووپاتی کردەوە، قەرزی ناوخۆیی یەکێک دەبێت لە بژاردە سەرەکییەکانی حکوومەت و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی نەختینەیی و داراییدا هەیە، گوتیشی "یەدەگی نەختینەیی عێراق لە دۆخێکی باشِدایە و پاڵپشتیی بەدەستهێنانی قەرزی ناوخۆیی دەکات، هەرچەندە ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت قەرزکردنەکە بەرزدەبێتەوە، بەڵام عێراق پارێزراوە و ئەگەر ئەم قەیرانە چوار بۆ پێنج مانگیش بەردەوام بێت."