ئێران هەڕەشە لە ئۆکرانیا دەکات

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی دایە ئۆکرانیا و رایگەیاند، ئەگەر بیسەلمێنرێت کیێف هاوکاری سەربازی و درۆن پێشکەشی ئیسرائیل دەکات، ئەوا خاکی ئۆکرانیا دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران.

شەممە 14ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم عەزیزی، عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد، هەر جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازی بۆ ئیسرائیل بە واتای بەشداریی راستەوخۆ لە جەنگ دێت، راشیگەیاند، بە پشتبەستن بە ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە مافی بەرگریکردن لە خۆ، ئێران مافی ئەوەی دەبێت وەڵامی ئەم دەستێوەردانانە بداتەوە.

ئەم هەڕەشانەی تاران لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە لوتکە و تۆمەتبارکردنی وڵاتان بە پاڵپشتی سەربازی بۆ لایەنە نەیارەکان زیادیکردووە.

حکوومەتی ئۆکرانیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی رووسیاوە، ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "شاهد"ی داوەتە مۆسکۆ بۆ لێدانی ژێرخانە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام تاران چەندین جار ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت هیچ چەکێکی بۆ بەکارهێنان لە جەنگی ئۆکرانیا نەناردووە.