هەولێر داوا لە بەغدا دەکات سنوورێک بۆ هێرشی گرووپە لە یاسادەرچووەکان دابنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر  شەرمەزار دەکات و بە کردەوەیەکی "تیرۆریستی و تێکدەرانە" وەسفی دەکات. هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و کۆتایی بە هەڕەشەی ئەو گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووانە بهێنێت، کە سەروەریی وڵاتیان پێشێل کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی ئاداری 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، بە توندترین شێوە ئەو هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر و، هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان شەرمەزار کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، کە بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت."

حکوومەتی هەرێم پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و رێکارێکی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر. لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە: "پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووانە دابنرێت، چونکە بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، تیشکی خستووەتە سەر دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی ئەو جۆرە هێرشانە و رایگەیاندووە، کە بەهۆی پەلامارە ناڕەواکانی ئەم گرووپانەوە، تا ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرش دەکرێتە سەر کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان.

روونیشی کردەوە، هێرشەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشتووە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەروەها کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.

سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.