قالیباف: ئەمریکا هەمووان دەکاتە قوربانی ئیسرائیل
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و رایگەیاند، جەنگەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راستییەکی حاشاهەڵنەگریان سەلماندووە، ئەویش ئەوەیە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا نەک هەر پارێزگاری لە هیچ وڵاتێک ناکەن، بەڵکو خۆیان بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری.
شەممە 14ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ( ئێکس ) نوسیویەتی، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنها لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەسەر هەموو لایەکدا داڕێژراوە.
قالیباف راشیگەیاند، واشنتن ئامادەیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی بکاتە قوربانی، تەنها لەپێناو پاراستنی ئیسرائیل، چونکە جگە لەو قەوارەیە، هیچ لایەنێکی تری بۆ گرنگ نییە.
لە پەیامێکی توند و رەخنەئامێزدا بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە واشنتن دەبەستن، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "هەر کەسێک بە پۆشاکی ئەمریکا خۆی دابپۆشێت، لە راستیدا رووتە".
ئەم دەربڕینە وەک ئاماژەیەک بۆ بێوەفایی و بێباکی ئەمریکا بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا بەکارهێنراوە، کە تیایدا تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیل دەپارێزێت.