ماکرۆن داوای دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، لە هەوڵێکدا بۆ رێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتیی دۆخی لوبنان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان، داوا لە ئیسرائیل دەکات بچێتە ناو گفتوگۆی راستەوخۆوە لەگەڵ حکوومەتی لوبنان. هاوکات فەرەنسا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی ئەو دانوستانانە لە پاریس، لەژێر رۆشنایی دەستپێشخەرییەکی چوار خاڵیی حکوومەتی لوبنان.

شەممە، 14ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پۆستێکدا بە زمانی عەرەبی، داوای لە ئیسرائیل کرد کە بە ئەنجامدانی "دانوستانی راستەوخۆ" لەگەڵ حکوومەتی لوبنان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە رازی بێت.

هاوکات ماکرۆن لە پۆستەکەدا نووسیویەتی: "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لوبنان نەکەوێتە ناو گێژاوی ئاژاوەوە، دەبێت حزبوڵڵا دەستبەجێ واز لە هەڵکشانە سەربازییەکانی بهێنێت و، ئیسرائیلیش واز لە هێرشە بەرفراوانەکانی بهێنێت و بۆردومانە چڕەکانی رابگرێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە پێشتر سەدان هەزار کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاوارە بوون."

سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، کە رۆژی هەینی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیران و نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ئەنجامداوە. 

ماکرۆن ئەوەشی دووپات کردەوە، کە حکوومەتی لوبنان ئامادەیی نیشانداوە بۆ چوونە ناو گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، بەو مەرجەی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکە تێیدا نوێنەرایەتی بکرین.

لەم چوارچێوەیەدا، ماکرۆن داوای لە ئیسرائیل کرد کە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدارانی لوبنان بتوانن پابەندبوونەکانیان جێبەجێ بکەن و سەروەریی وڵاتەکەیان بپارێزن، هەروەها ئامادەیی پاریسیشی دەربڕی بۆ کارئاسانی و میوانداریکردنی ئەو دانوستانانە.

پێشتر جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دەستپێشخەرییەکی 4 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ راگەیاندبوو، کە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو هاوکار بن لە جێبەجێکردنیدا.

دەستپێشخەرییەکە خۆی دەبینێتەوە لە: "راگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی لەگەڵ ئیسرائیل"، "پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستیی پێویست بۆ سوپای لوبنان بە مەبەستی چەککردنی حزبوڵڵا و دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی چەکی ئەو حزبە"، لەگەڵ ئەوەی "لوبنان و ئیسرائیل دەست بکەن بە دانوستانی راستەوخۆ بە چاودێریی نێودەوڵەتی."

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، حزبوڵڵای لوبنان لە 2ـی ئادارەوە بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، وڵاتەکەی پەلکێشی ناو جەنگێکی نوێ کرد، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان، لەشکرکێشیی زەمینی و هۆشداریی چۆڵکردن وەڵامی دایەوە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی.